من بەكرێگیراوی سپیم"، فیلمێكی دیكۆمێنتیی دەرهێنەری كورد (تەها كەریمی)ـیە، كە سەبارەت بە تاوانی ئەنفال و ڕۆڵی جاشەكانە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا.
دەرهێنەر (تەها كەریمی) لە ئاخافتنێكیدا بۆ " هەولێر"، گوتی: "ئەم فیلمە دیكۆمێنتییە، هەوڵی داوە چەمكی بەكرێگیراو و بەكرێگیراویەتی بكاتە پێشزەمینەی فیلمەكە ء لە تاوانی ئەنفالدا لێی بكۆڵێتەوە.
هاوكات لەگەڵ زانیاریبەخشین بە بینەر دەربارەی ئەنفال، هەوڵ دەدات لە چاوی سێیەمەوە سەیری ئەو بابەتە بكات."
هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەم فیلمە هەوڵی داوە لە ڕوانگەی سێیەمەوە سەیری بەشداریی جاشەكان لە پڕۆسەی ئەنفالدا بكات.
هاوكات لەم فیلمەمەدا بەشێك لە خەڵكی گەرمیان شایەتییان داوە و لەوانە هەندێكیان پێیان وایە دەبێ هەموو جاش و موستەشارە كوردەكان بچنە بەردەم دادگە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، لەبەر ئەوەی بەكرێگیراوانی بەعس بوونە."
(كەریمی) ڕوونیشی كردەوە: "فیلمی دیكۆمێنتیی "من بە كرێگیراوی سپیم" ماوەكەی 66 خولەكە و بە سیستمی HD كاری بۆ كراوە و بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای سلێمانی بەرهەم هاتووە."
شایانی باسە، ئەم فیلمە لە نووسین و دەرهێنانی (تەها كەریمی)ـیە و كاری وێنەگرتنیشی لە لایەن (سەركێو مسگەری)ـیەوە بۆ كراوە و هەروەها (سەیوان سەعیدیان) وەك یاریدەدەری دەرهێنەر كاری كردووە و (ئارەش ڕەسافی)ـیش، كاری مۆنتاژی بۆ ئەنجام داوە.