شەستەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی (ملبۆرن)

شەستەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی (ملبۆرن)

 

لە دوای فێستیڤاڵی فیلمی “ئۆسكار” و “كان”، ئێستا شەستەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ملبۆرن) لە ئۆسترالیا، زۆرترین سەرنج و تێڕامانی هەموو ناوەندەكانی میدیایی و هونەری بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە و چاوەڕان دەكرێت كە وەكوو هەموو ساڵیك بە بەشداریی كۆمەلێك فیلمی سینەمایی و كێبەڕكییەكی توند لەنێوان دەیان دەرهێنەر و ئەكتەری بەناووبانگی چوار گوشەی ئەم جیهانەدا كە لە “هۆڵیوود”ـی ئەمەریكاوە بۆ “باڵێوود”ـی هیندستان لەخۆ دەگرێت، لە ڕۆژی 21ـی ئەم مانگەدا دەست پێ بكات.

ڕێكخەرانی شەستەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی (ملبۆرن)، ئاماژەیان بەوە داوە كە فیلمگەڵی “The Fairy” ـی بیلجیكا و “The Eye of the Storm” لە دەرهێنانی (فرید شیپیسی) و بەشداریی چەند ئەستێرەیەكی بەناووبانگی “هۆڵیوود” هەر وەك (جیفری ڕاش)، (جۆدی دیڤیس) و (شارلۆت ڕامپلینگ) بۆ ڕێوڕەسمی شەوی كردنەوەی فێستیڤاڵەكە، هەڵبژیردراون.

بەپێی هەواڵی گۆڤاری “هۆڵیوود ڕێپۆرتز”، بەڕێوبەری هونەریی فێستیڤاڵەكە (مایكل كاری)، باسی لەوە كردووە: “هەڵبژاردنی فیلمێك كە وەك دەستپێكی شەوەی كردنەوەی ڕێوڕەسمەكە كە تەنانەت وەك سێمبۆلێك بۆ هەموو شەوانی داهاتوویش دیاری دەكرێت، گرنگییەكی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر بۆیە لە دوای مشتومڕ و لێكدانەوەیەكی زۆر، ئێمەی لیژنەی بەڕێوبەری لەسەر ئەوە ڕێك كەوتین كە فیلمی بیلجیكایی “The Fairy” هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە كە ئێمە بە دوایدا دەگەڕاین و دەكرێت بۆ دەستپێكی شەستەمین خۆڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی (ملبۆرن) كەڵكی لێ وەربگێرێت.

ئەو فیلمە بە تێكەڵكردنی سۆژەی كومێدی و دڵخۆشكەرانە لەگەڵ كۆمەڵیك لایەنگەلی مرۆڤدوستانە، وەك باشترین پێناسەی گشتی بۆ هیوا و ئامانجی فێستیڤاڵەكە دیاری كراوە.”

شەستەمین فێستیڤاڵی فیلمی (ملبۆرن) كە بە یەكیك لە گرنگترین و كۆنترین ڕێوڕەسمی نماییشكردنی فیلمگەڵی سینەمایی وڵاتی ئۆسترالیا دەناسرێت، ئەمساڵ بە بەشداریی 300 فیلم لە بوارە جۆراوجۆرەكانی هونەری دەست بە كارەكانی خۆی دەكات و یەكێك لەو بوارانە كە گرنگییەكی تایبەتی پێ دراوە، وەك “شۆ كەیسی پرایم تایمی ئۆسترالیایی” ڕێكلامی بۆ كراوە. لەو بوارەدا كێبەڕكێ لەنێوان كۆمەڵیك فیلمی سینەماییدا بە ڕێوە دەچێت كە بە تایبەتی بۆ نماییشكردن لە تەلەڤزیۆن دروست كراون و ئەمساڵ ئەم بەشە بە تایبەتی بۆ پێشاندانی 12 فیلمی یەكیەتیی ئەورووپا تەرخان كراوە كە لە 12 وڵاتی وەك، یۆنان بۆ ئەلمانیا و سلڤانیا بۆ ئیسپانیا هەڵبژیردراون و بە بواری “سینەمای هاوچەرخی ئەورووپایی” ڕێكلامی بۆ كراوە.

وەك ئاماژەیەك، پۆستیری تایبەتیی فێستیڤاڵی (ملبۆرن)، گرنگییەكی تایبەتی بە بەشداریی دوو فیلمی سەركەوتووی سینەمای ئیسپانیا بە ناوەكانی “Finnesterrae” و “The Solitude of Prime Numbers” داوە.

بوارێكی گرنگی دیكە بە ناوی “هەڵسەنگاندنی سینەمای ئاسیا”، ئامادەكارییەكی باشی بۆ كراوە و كۆمەڵێك فیلمی سەركەوتووی ئاسیای بە تایبەت سینەمای ڕوو لە گەشەی ڕۆژهەڵاتی دوور، بەشدارییان تێدا كردووە.

لەم بەشەدا كێبەڕكییەكی دژوار و توند بۆ بردنەوەی خەڵاتی یەكەم لەنێوان چەند دەرهێنەرێكی سەركەوتووی ئاسیایی كە ناووبانگی نێودەڵەتیان هەیە، بە ڕێوە دەچێت كە وەك ئاماژەیەك ئامادەبوونی دەرهێنەری ئەفسانەیی ژاپۆنی (تاكیشی كیتانۆ) بە فیلمی “Outrage” و دەرهێنەری تایلەندی (سیڤاراج كۆنگساكۆل) بە فیلمی “Eternity”، گرنگی و قۆرساییەكی تایبەتی بەم بوارە داوە و لە ئێستاوە زۆربەی بڵیتەكانی ئەم بەشە،پێشفرۆش كراون.

هەروەها بەشی ژیانی وەرزشی و دیكۆمێنتاری، بە بەشداریی 60 فیلم بە ڕێوە دەچێت كە بەشداریی میوانی تایبەتی فێستیڤاڵەكە (مایك میلز) بە فیلمی “Beginner”، (پیا مارایس) بە فیلمی “At Ellen’s Age”، وەك ئامادەكارییەكی باشی ئەم بوارە ئاماژەی پێ دراوە. هەر لەم بەشەدا، فیلمی “Another Earth” لە دەرهێنانی (مایك كاهیل) كە باس لە چیرۆكی خۆشەویستی و دەربازبوون لە نەهامەتی و نالەباریی ژیانی مرۆڤەكان دەكات و بە ڕوانگەی فەلسەفیانەی هەموو ئەو لایەنە جیاوازانەی ژیان وەك ڕەنگدانەوەیەك لە ڕاستییەكانی ناخی مرۆڤەكانی پێناسە دەكات.

وەك لایەنی گرنگی دیكەی فێستیڤاڵی (ملبۆرن)، دەبێت ئاماژە بە نماییشكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری لە دەرهێنەری ناوداری ئۆسترالیایی (مۆرگان سپۆرلاك) بە ناوی “The Greatest Movie Ever Sold” و پێشكەشكردنی پڕۆگرامی “مستەركلاس” لە لایەن (لیزا جیرارد) و ئامادەبوونی دەرهێنەر و فیلمنانەنووسی كومێدیی فەڕەنسایی (فرانسیس ڤیبر) بكرێت.

هەروەها چەند فیلمێكی سەركەوتووی فێستیڤاڵی “كان”، هەروەك “Melancholia” لە دەرهێنانی (لارس ڤان تریر)، “Polisse” لە دەرهێنانی (مایڤین لی بیسكۆ) و فیلمی “Hanezu” لە دەرهێنانی )نووامی كاواسی)، بۆ نماییشی تایبەت هەڵبژیردراون.

جێی ئاماژەپێكردنە كە شەستەمین خۆڵی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی (ملبۆرن)، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بە سپۆنسەریی كۆمپانیای “ساوت ماركیت” و بەشداریی 300 فیلمی سینەمایی و سەدان كەسایەتیی گرنگی “هۆڵیوود” و نێودەوڵەتی، ڕۆژی 21ـی ئەم مانگە لە ئۆسترالیا، دەست پێ دەكات.

سلاح بایزیدی