دڵی سوور" لە سلێمانی و هەولێر نماییش دەكرێت

دڵی سوور" لە سلێمانی و هەولێر نماییش دەكرێت

 

فلیمی سینەمایی "دڵی سوور"، لە دەرهێنانی هونەرمەند (هەڵكەوت مستەفا)، دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە مانگێك لە سینەماكانی نەرویژ نماییشی بۆ كرا، بۆ یەكەم جار لە ڕۆژی سێشەممە 12/7/2011 لە شاری سلێمانی نماییش دەكرێت.

لەمبارەیەوە هونەرمەندی دەرهێنەر (هەڵكەوت مستەفا) لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ڕۆژنامەی "هەولێر"ـی ڕاگەیاند:

"هەر چەندە بڕیاڕ بوو فلیمی سینەمایی "دڵی سوور" لە شاری هەولێری پایتەخت نماییش بكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامادەكاریی بۆ هۆڵێكی گونجاو و كوالێتی بەرز بۆ نماییشكردنی فیلمەكە، بڕیار درا لە شاری سلێمانی دەست بە نماییشكردنی بكرێت."

گوتیشی: "دوای تەواوبوونی نماییشەكانی فلیمی "دڵی سوور" لە شاری سلێمانی، پلانێكی زۆر باشمان بۆ داناوە لە شاری هەولێر بە شێوەیەكی فراوانتر دەست بكەین بەنماییشكردنی، چونكە من خۆم بە قەرزداری شاری هەولێری ئازیز دەزانم و لە كاتی بەرهەمهێنان و وێنەگرتنی فلیمەكەم، هاوكارییەكی زۆریان كردووم كە لە لای من جێگەی ڕێز و سوپاس و پێزانینە."

هونەرمەند (هەڵكەوت مستەفا) لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا دەربارەی نمایشكردنی لە شاری سلێمانی، گوتی: "فیلمی سینەمایی "دڵی سوور" ڕۆژی سێشەممە 12/7، سەعات 5ـی ئێوارە لە هۆڵی (تەوار) یەكەم نماییشی دەست پێ دەكات. یەكەم نمایشی فیلمەكەیش بۆ میوانی تایبەت دەبێت و پاشان لە ڕۆژانی دواییدا بۆ ماوەی 15 بۆ 30 ڕۆژ بە شێوەی بلیت نماییشەكانی بەردەوام دەبێت."

دەربارەی ماوەی نماییشكردنی فیلمەكەی لە وڵاتی نەروێژ (هەڵكەوت مستەفا) گوتی:

"ماوەی زیاتر لە مانگێك لە سینەماكانی وڵاتی نەروێژ نماییشی بۆ كرا و بینەرێكی زۆر هاتن بۆ سەیركردنی.

لە 17/5/2011 كۆمپانیای (فیلم هاوس) گرێبەستێكی نێودەوڵەتیی (وایت منجیمێنت)ـی فەڕەنسایی واژۆ كردووە بۆ ئەوەی لە دوای وەرزی هاوینەوە.

فلیمی "دڵی سوور" لە سەرتاسەری ئەورووپا لە رێگەی ئەو كۆمپانیا فەڕەنساییەوە بڵاو بكرێتەوە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی پیشەسازیی سینەما تێیدا زۆر باوە."

ئەكتەرەكانی بەشداربوو بریتین لە هەریەك لە هونەرمەندان (عەلی ئەحمەد، شەهین جەمال، سۆران ئیبراهیم، سوهیلە حوسێن، ئەحمەد قەڵادزێی).
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا