مانگرتنی سەراسەریی بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران دەستی پێ کرد

2011-07-06 22:16

 

لە کاتێک دا نیزیک بە ٤٠ رۆژە هەر یەک لە کەماڵ شەریفی لە زیندانی میناب و، ئەنوەر خزری و کامران شێخە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج دەستیان داوەتە مانگرتن و بەو هۆیەشەوە لە بارودۆخێکی خراپی جەستەیی دان، دوا زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی سنە، ورمێ و رەجایی شار و چەند زیندانی تر بۆ پشتیوانی لەو بەندکراوانە و سەرجەم بەندکراوانی کورد دەستیان داوەتە مانگرتنێکی گشتی. لە کاتێک دا نیزیک بە ٤٠ رۆژە هەر یەک لە کەماڵ شەریفی لە زیندانی میناب و، ئەنوەر خزری و کامران شێخە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج دەستیان داوەتە مانگرتن و بەو هۆیەشەوە لە بارودۆخێکی خراپی جەستەیی دان، دوا زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی سنە، ورمێ و رەجایی شار و چەند زیندانی تر بۆ پشتیوانی لەو بەندکراوانە و سەرجەم بەندکراوانی کورد دەستیان داوەتە مانگرتنێکی گشتی.
شیمانە دەکرێ ئەو مانگرتنە لە رۆژانی داهاتوودا لەوەش زیاتر بەرین ببێتەوە.
ئەو مانگرتنە لە کاتێکدایە کە بە وتەی بنەماڵەکەی، کەماڵ شەریفی لە دۆخێکی زۆر خراپی جەستەیی دایە.
بایزید شەریفی، باوکی بەندکراوی سیاسیی کورد کەماڵ شەریفی کە پتر لە مانگێکە مانی لە خواردن گرتووە، رایگەیاند؛ دەوروبەری نیوەرۆی رۆژی دووشەممە، ١٣ی پووشپەڕ ئاگاداریان کردمەوە کە حاڵی کوڕەکەم زۆر خراپە.
بایزید شەریفی ئەو وتانەی بۆ هەواڵدەریی بی بی سی دەربڕی و وتی: رۆژی رابردوو نامەیەکم دا بە "شایق"، سەرۆکی دادگای سەقز کە کوڕەکەمی بە سی ساڵ حوکم داوە، کاتێک نامەکەم پێدا، داوام لێ کرد ئیزن بدا یان من یا دایکی چاومان بە کەماڵ بکەوێ و داوای لێ بکەین کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێ، بەڵام قازی پێی وتم پێویست ناکا چاوتان پێی بکەوێ و لێی گەڕێن با بمرێ.
ناوبراو هەروەها لە زمان ئەحمەد شەریفی، وەکیلی کەماڵ شەریفی رایگەیاند کە داوای پێداچوونەوە بە پەروەندەکە کراوە و ئیستا چاوەڕوانی وڵامی بەرپرسانین.
وتیشی کە بۆ هەمان مەبەست نامە بۆ کۆمیسیۆنی مادەی ٩٠ی پارلمان و دەزگای قەزایی ئێران دەنێرین.
کەماڵ شەریفی، رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی کورد کە ساڵی ١٣٨٧ لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بە سی ساڵ حوکمەوە بۆ زیندانی میناب لە نیزیک بەندەرعەباس دوورخرایەوە، بۆ دەربڕینی نارەزایەتی سەبارەت بە دۆخی خراپی ناو زیندان، نیزیک بە ٤٠ رۆژە دەستی داوەتە مانگرتن بەڵام هەتا ئیستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوون وڵامی داخوازیەکانی بدەنەوە.

شیاوی ئاماژەیە کە هاوکات لە گەڵ کەماڵ شەریفی، ٣ بەندکراوی دیکەی کورد بە ناوەکانی انور خضری، کامران شیخه و سید ابراهیم سیدی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج دەستیان داوەتە مانگرتن. بە وتەی مەسعوود کوردپور، ئیبراهیم سەیدی مانگرتنەکەی شکاندووە بەڵام دوو بەندکراوەکەی تر هەروا لە حاڵی مانگرتن دان.

 

Topic: مانگرتنی سەراسەریی بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران دەستی پێ کرد

No comments found.

New comment